شاعیر: نامی
کتێب: بارانی ڕەحمەت
سەرناو: ئەسبابی حەربییەی حەزرەت ﷺ

نۆ شیری ھەبوو یەکەم «ذو الفقار»
«حنف» و «قلعي، مأثور» و «بتار»

«عَضب» و «قضيب» و «مخذم» و «رسوب»
حەوت کراسی زرێی مەحکەم و مەرغووب

«ذات الحواشي» ھەم «ذات الفضول»
«ذات الوحاش» و «سعديه»ی مەقبووڵ

«خرنق» و «بتراء»، «فضّة» تەواوە
کراسی زرێین و «دِرع»یان ناوە

شەش کەوانی بوو «سِداد» و «صفراء»
«كتوم» و «روحاء»، «شوحط» و «ذوراء»

چوار ڕم، سێ قەڵغان، جەعبەی کافوور ناو
پشتێنی قایش، سێ ھەڵقەی لە ناو

دوو حەڕبەیشی بوو بچووک و گەورە
دوو مەغفیری بوو شای ساحێب دەورە

کڵاوی زرێی کە ئەیکەنە سەر
لە کاتی شەڕا بۆ دەفعی زەرەر

گۆچانێکی بوو یەک زەرعی نەجیب
عاسایێکی بوو «مخصره» و «قضيب»

«قضیب» دارێکە ڕێک و مونتەزەم
بە وێنەی گۆچان، بەبێ چەم و خەم

ئەمما «مخصره» بە قەد دوو بستە
بۆ کاتی قسە و ئیشارەی دەستە

ئاڵایێکی بوو لە کاڵایێ ڕەش
«عقاب»ی ناو بوو، غەیرە مونەققەش